Skip to the content

هەشتەمین خولی دەرچوونى ئەفسەران لە کۆلێژی ئەرکان بەڕێوە چوو

ڕۆژی سێشەممە ٩ی تەممووزی ٢٠٢٤، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فه‌ریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و فه‌ریق سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانيی یەک و لیوا ڕوکن مەریوان محه‌مه‌د ئەمین، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانيی دوو، لیوا ڕوکن عومه‌ر سالح، فەرماندەی هێزەکانی حەفتا و جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و فەرماندەی فیرقەکانی یەک و دوو، ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەت و کۆڵۆنێڵ مەکێنزی، فەرماندەی هێزەکانی  هاوپەیمانان، ڕێوڕەسمی دەرچوونی  هەشتەمین خولی ئەرکان، لە کۆلێژی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوە چوو.
مەراسیمەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد، دواتر لەلایەن لیوا ڕوکن ڕێبوار عه‌لی که‌ریم، ڕاگری کۆلێژی ئەرکان، گوتارێک پێشکەش کرا، تێیدا مێژوویەکی له‌بارەی کار و چالاکيی کۆلێژی ئەرکان و هەوڵەکانی مامۆستایان بۆ پێگەیاندنی خوێندکاران و توانستی خوێندکارانی دەرچوو خستە ڕوو.
دواتر وەزیری پێشمەرگە لە گوتارێکیدا، دەستخۆشی لە ڕاگر و ئەفسەرانی کۆلێژ کرد و پیرۆزبایی لە ئەفسەرانی سەرکەوتوو کرد، بە گرنگیيەوە باسی لە ڕۆڵی باڵای کۆلێژی ئەرکان کرد و ڕایگەیاند: هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە ساڵی ٢٠٠٣، کۆلێژی ئەرکان ڕۆڵی گرنگ و پڕ بایەخی هەبووە، وەک دامەزراوەیەکی سەربازیی گرنگ، بۆ پێگەیاندن و بەرزکردنەوەی ئاست و توانستی سەربازيی ئەفسەران و بەدەستهێنانی ئەرکی سەرکردایەتی و ئەفسەری ڕوکن لە یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
وەزیری پێشمەرگە پاڵپشتی و پشتیوانيی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ ڕاگری کۆلێژی ئەرکان و سەرجەم مامۆستایان دووپات کردەوە، ئومێدی سەرکەوتن و بەدەستهێنانی پلەی باڵاتری بۆ خوێندکارانی دەرچوو خواست.

لە کۆتایيی مەراسیمەکەدا، خەڵاتی ڕێزلێنان لەلایەن وەزیری پێشمەرگە و سەرۆکی ئەرکان و جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، هەروەها خەڵاتی فەرماندەیی هێزەکانی ۷۰ و٨٠   پێشکەش بە خوێندکارانی دەرچوو کرا لە پای بەدەستهێنانی شارەی ڕوکن لەم خولەدا.