Skip to the content

وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان پێداچوونەوە بە بەرنامەی ڕیفۆرمی وەزارەت دەکەن

ڕۆژی یەکشەممە ۱٤ی تەممووزی ۲٠۲٤، لەسەر داوای هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری چاکسازی و تیمێکی یاوەری بەشدارییان لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان CJTF-OIR و گرووپی سەربازیی ڕاوێژکاریی فرەنەتەوییی هاوپەیمانان ناسراو بە (MNAG) کرد. ئامانجی کۆبوونەوەکە ئەوە بوو کە پێداچوونەوە بە بەرنامەی ڕیفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە بکرێت، کە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی لە ڕێگەی تیمەکانیەوە بەڕێوەی دەبات، بە پاڵپشتی و ڕاوێژی گرووپی سەربازیی ڕاوێژکاریی فرەنەتەوەیی و ڕاوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان.

لەم کۆبوونەوەیە، بڕیار درا بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی بەشداری پێ بکرێت لە کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانان، کە پەیوەستن بە پرسەکانی چاکسازیی پێشمەرگە و هەروەها پێویستە دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەکە بخرێتە ڕوو، بۆ ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان ڕۆڵیان دیاربێت لەو پرۆژانەی پاڵپشت و ڕاوێژکاریین.

لە کۆتاییی کۆبوونەوەکە، بەڕێوەبەری چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی پاڵپشتیی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد، کە لەنزیکەوە هاوکاریی وەزارەت دەکەن، بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی چاکسازی و تیمی پرۆژەکانی. هەروەها داوای یارمەتی و ڕاوێژی زیاتری هاوپەیمانانی کرد، بۆ ئەوەی ئەو پلانانەی وەزارەت دایڕشتوون بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنی هێزەکانی، سەرکەوتووبن.