وەزیری پێشمەرگە: کـێشەی ئەو هێزانە چارەسەر دەکەین کە بێبەش بوون لە هاوکاريی دارایيی هاوپەیمانان
ڕۆژى سێشهممه ٢ـی تەمموزی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتيی کۆبوونەوەیەکی باڵای نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانانی لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە فەریق روکن عیسا عوزێره، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا روکن بەختیار محهمهد، ئەمینداری گشتیی وەزارەت و ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە تێیدا ئامادە بوون، وەزیری پێشمەرگە بە گرنگیيەوە باسی لە هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی و داڕشتنەوەی کارنامەی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و ڕایگەیاند: چاکسازی پرۆسەیەکی جدییە و قۆناغی گرنگی ئەو پرۆسەیە جێبەجێ کراوە و تا ئێستاش بەردەوامە، ئەمەش بە هاوکاری و پشتیوانيی دۆستەکانمان لە هاوپەیمانيی نێودەوڵـەتی، تاوەکوو سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و بنیادنانی هێزێکی تۆکمەی نیشتمانی.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیری پێشمەرگە، بە گرنگیيەوە تاووتوێی کێشەکانی چەند لیوا و فەوجێکی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد، کە بێبەش بوون لەو هاوکارییە داراییەی هاوپەیمانان، بە هۆکاری چەند کێشەیەکی ئەمنی و تەکنیکی، لەم بارەوە وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: دەبێت بە زووترین کات کێشەکان چارەسەر بکەین و گۆڕانکاری بکەین بە هاوکاری و هەماهەنگيی هەموو لایەک، تاکوو پێشمەرگە قارەمانەکان بە گشتی سوودمەند بن لەو هاوکارییە داراییەی مانگانە پێيان دەبەخشرێت.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، کۆڵۆنێڵ مەکێنزی، بەرپرسی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، لهبارەی پرۆسەی چاکسازی و داڕشتنەوەی کارنامەی وەزارەت گوتی: ئێمە هاوکار و پشتیوان دەبین لەم پرۆسە گرنگ و پڕ بایەخەدا، هیوادارین پێشمەرگە ببێت بە هێزێکی پێشکەوتووی سەردەمیيانە لەپێناو پاراستنی سنوور و سەقامگیريی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.
لە کۆتایيی کۆبوونەوەکەدا، بەردەوامی پەیوەندییەکان و هەماهەنگيی زیاتری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی باڵای هاوپەیمانان دووپات کرایەوە، هەوڵ و هەنگاوەکان و کاری پێكەوەیی لە ئایيندەدا گفتوگۆی لەبارەوە کرا.