کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش بەڕێوە چوو
ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی و کۆڵۆنێڵ گیڤن رایس، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسولخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت، کۆبوونەوەی مانگانەی تایبەت، لەبارەی هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسولخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر بەڕێوە چوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا، تیشک خرایە سەر پێداچوونەوە بە هاوکارییە لۆجستییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە،
هەروەها جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرایەوە، هاوکات پشتگیریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان و هەماهەنگییان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان بە پێویست زانی.
لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، ستافی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، سوپاسی تیمی سەربازیی هاوپەیمانان و ڕاوێژکارانی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکای لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی تیمە سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا کرد، لە بەردەوامیدان بە پێشخستنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان.