بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە: ڕۆڵی یونامی و کارەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین
ڕۆژی چوارشەممە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە ماری ئۆنیوا، ڕاوێژکاری باڵای پاراستنی ئافرەتان و ژنان، لە نوسینگەی مافەکانی مرۆڤ (یونامی) لە هەولێر کرد.
لە دیدارێکدا، کە ڕاوێژكاری باڵای سەربازی و بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوو، باس لە ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی ئافرەتان و ژنانی پێشمەرگە کرا و تیشک خرایە سەر ئاڵنگارییەکان بۆ باشتر چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا، لە هەمان کاتدا پێشخستنی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە هەرێمی کوردستان خرایە بەر باس.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، ڕۆڵی یونامی و کارەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند، کە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە چارەسەرکردنی گرفتەکان و لە هەمان کاتیشدا خواستی وەزارەتی پێشمەرگەی نیشان دا، بۆ کارکردن و هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ ڕێکخراوەکە و دووپاتیشی لە پێشختنی پەیوەندییەکان کردەوە.