به ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە مەراسیمی ئاڵوگۆڕی فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو
ڕۆژى سێشهممه ٤ی حوزهیرانی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا ڕوکن بەختیار محمد سدیق، ئەمینداری گشتی و لیوا ڕوکن هۆشمەند حهیدەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، لیوا ڕوکن محهمهد سهعید، بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت و ژمارەیەك لە فهرمانده و ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگە، لە بارەگای فەرماندەیيی هێزەكانی ئیتاڵیا لە هەولێر، ڕێوڕەسمی ئاڵوگۆڕ و ڕادەستكردنی ئەركی فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان لە كۆڵۆنێڵ فرانسیسکۆ ئەنتۆنیۆ سیرافینی بۆ کۆڵۆنێڵ سیرۆ فۆرتی بەڕێوەچوو.
لەو مەراسیمەدا، کۆڵۆنێڵ فرانسیسکۆ ئەنتۆنیۆ، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئیتاڵیا، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی گوتی: ئێستا کاتی ئەوە هاتووە من ئێوە و هاوڕێیانم جێبهێڵم، دەمەوێت سوپاسى پێشمەرگە و ئەندامانی هێزی هاوپەیمانان بکەم، کە کاری هاوبەشمان بەیەکەوە کرد و هەموو ئەو دەستکەوتانە بە کارکردنی دڵسۆزانە و پیشەییانە، لەلایەن یەکە سەربازیيەکانی وڵاتانی هاوپەیمان بەدی هاتوون، گوتیشی شانازی دەکەم بەوەی کە کارم لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و دڵخۆشم کە بەهەماهەنگی و هاوکاریکردن لەگەڵ هاوپەیمانان، کارمان بۆ ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە کردووە.
پاشان کۆڵۆنێڵ سیرۆ فۆرتی، فەرماندەی تازەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، لە گوتەیەکدا ڕایگەیاند: شانازیيەکی گەورەیە بۆ من، کەوا ئەمڕۆ فەرماندەیيی هێزەکانی ئیتاڵیا لە کوردستان دەکەم و هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ بەردەستخستنی تواناکان، بۆ بنیادنانی توانای هێزە هاوبەشەکان، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان و بە دەستهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانمان.
لە کۆتایيی مەراسیمەکەدا، سەرۆکی ئەرکان و ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی فەرماندە و ڕاوێژکارانی سەربازیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان کرد و هاوکات وەفا و پێزانینی هێزی پێشمەرگە و گەلی کوردیان پێ ڕاگەیاندن، بەتایبەت کە ڕاوێژکارانی ئیتاڵیا ڕۆڵی گاریگەریان هەبوو، لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانيى نێودەوڵەتیى دژی داعش.