بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان پێشوازی لە پاشکۆی سەربازیی کۆریای باشوور کرد
ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، لیوا روکن محەمەد سەعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سون چانگ سوو، پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی کۆریای باشوور لە عێراق کرد.
لەو دیداردا، وەک هەنگاوی یەکەمی نێوانیان، تاووتوێی کردنەوەی خولی دەرەکی و دابینکردنی کورسیی خوێندن لە وڵاتی کۆریا بۆ ئەفسەران و کارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە کرا، هاوکات تیشک خرایە سەر باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی ڕاوێژکارانی سەربازیی وڵاتی کۆریای باشوور لە عێراق.
کۆڵۆنێڵ سون، سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەی کرد بۆ هەماهەنگیی بەردەوامیان لەگەڵ ستافی باڵیۆزخانە و کونسولخانەی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان، هاوکات ئامادەییی وڵاتەکەشی بۆ هەماهەنگی و هاوکاریکردن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نیشان دا، بۆ پێشخستن و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان، بە تایبەت لە بواری دابینکردنی کورسی بۆ ئەفسەرانی کوردستان و خوێندن لە خولە گرنگەکانی سەربازی لە وڵاتی کۆریای باشوور.