Skip to the content

سەرۆکی ئەرکانى وه‌زاره‌تى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا کرد

ڕۆژی يه‌كشه‌ممه‌ ٩ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٤، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

لەو دیدارەدا، کە لیوا روکن محه‌مه‌د سه‌عید، بەڕێوه‌بەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوو، تاووتوێی پرۆژە و پلانی نوێی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرا، هاوکات گفتوگۆ له‌بارەی ئامادەکارییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا و خستنەڕووی پلانی نوێی هاوکاری و هه‌ماهەنگیيەکانی تیمی ڕاوێژکارانی ئەو وڵاتە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کرا.

سەرۆکی ئەرکان لەگەڵ دەربڕینی سوپاس و پێزانینی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پشتگیريی هاوپەیمانان و تیمی سەربازيی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دووپاتی کردەوە: گرنگیدانی زیاتر بە بوارە جیاوازەکان بۆ ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پرۆگرامی چاکسازی، کاری لەپێشینەی وەزارەتی پێشمەرگەیە و بەردەوامیش دەبێت لەم ئەرکە پیرۆزەدا، بۆ ئەمەش چاوەڕوانی زیاترمان له‌ هەماهەنگیيەکانی دۆستانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە.