وەزیری كاروبارى پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسی هاوپەیمانان لە عێراق کۆبووهوه
ڕۆژى سێشهممه ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، بە مەبەستی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و ماڵئاواییکردن لە دۆستی گەلی کورد و پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە، پێشوازی لە جەنەڕال ئیکەر،بەرپرسی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و تیمی یاوەری کرد.
لەو دیدارەدا، کە عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و فریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی دەستەی ئەرکان، ئەفسەرانی باڵای وەزارەت تێیدا ئامادە بوون. وەزیری پێشمەرگە باسی لەوە کرد دڵتەنگن بە کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی جەنەراڵ ئیکەر، هەروەها ڕایگەیاند: هیوای سەرکەوتن بۆ جەنەڕال ئیکەر دەخوازین لە ئەرکی نوێیدا و سوپاسی پاڵپشتی و پشتیوانیيەکانی دۆستەکانمان لە هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی دەکەین بە تایبەت ئەمهریکا، کە هەمیشە ڕۆڵی کارا و پشتیوانيی بەردەوامیان دەربڕیوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
جەنەڕال ئیکەر، دڵخۆشيی خۆی لە کارکردنی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە دهربڕى و ڕایگەیاند: لە ماوەی کارکردنم لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، زۆر دڵخۆش بووم بەتایبەتی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چاکسازی و پێکەوەکارکردن لەم پێناوەدا لە وەزارەتی پێشمەرگە مایەی پێزانینی ئێمەیە، هیوادارین بەردەوام بن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و گەیشتن بە ئامانجی گرنگ و گەورە و بنیادنانی هێزێکی تۆکمەی سەردەمیيانە.