Skip to the content

ڕاوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان: بەهاوبەشی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ پێشمەرگە دەتوانين خێرایی بە پرۆسەی چاکسازى بده‌ين

ڕۆژى سێشه‌ممه‌ ٢٥ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٤، لە دیوانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی عه‌بدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و لیوا روکن بەختیار محمد سدیق ئەمینداری گشتی و ڕاوێژکاری وەزارەت و جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، کۆڵۆنێڵ مەکێنزی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان و کۆڵۆنێڵ مایکل گاچێرۆ، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاريی ئاسایش لە کونسولخانەی گشتيی ئەمه‌ریکا لە هەولێر، ژمارەیەک لە بەڕێوه‌بەرانی گشتيی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا، هەڵسەنگاندنی مانگانە بۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگريی ئەمه‌ریکا کرا.

لەو کۆبوونەوەیەدا، هەڵسەنگاندنی مانگانە بۆ چۆنیيەتی جێبەجێکردنی بڕگە و خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کرا و جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوەی یەکە جیاوازەکانی هێزی پێشمەرگە، بە پێی پلانی ستراتیژی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان کرا.

ستافی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتیان کردەوە، کە پلانی وەزارەت بۆ قۆناغی ئێستای هێزی پێشمەرگە هەڵگرتنی ئەرک و بەرپرسیاریەتیيە، بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکان و ئاماژە بەوەش درا: پرۆژەیاسای چاکسازيی وەزارەتی پێشمەرگە; پرۆژەیەکی نیشتمانیيە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئامانجی بنیادنانی هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانيی گۆشکراو بە بیروباوەڕە نەتەوەیی و نیشتمانیيەکانە و بەردەوامبوونیشیان لەسەر هەنگاوەکانیان دووپاتکردەوە، بۆ ڕێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی تەواوی هێزە جیاوازەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

لەلایەن خۆیانەوە، تیمی ڕاوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، دڵخۆشيی خۆیان بە هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە نیشان دا و ڕایانگەیاند: بەگرنگیيەوە لە هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم دەڕوانين بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتنامەکە، هاوکات ئاماژەیان بەوە دا، کە بە هاوبەشی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ پێشمەرگە، دەتوانن خێرایی بە پرۆسەی چاکسازيی پێشمەرگە و پرۆسەی ڕێکخستنەوەی هێزەکان بدەن.