كۆتايى به خولێكى مهشقى ميديايى هات
ڕۆژی سێشهممه ١٣ی ئاداری ۲۰۲٤، بە ئامادەبوونی لیوا ڕوکن بەختیار محمد صدیق، ئەمینداری گشتيی وەزارەتی پێشمەرگە، و بنیامین هانا، جێگری کونسوڵی گشتيی ئەڵمانیا لە هەولێر، و لیوا عوسمان محمد، بەڕێوەبەری گشتيی ڕاگەیاندن و هۆشیاريی نیشتیمانی، و لیوا ڕەفعت عومەر، بەڕێوەبەری میرەی گشتی، و کۆڵۆنێڵ وۆلف ئەلیکساندر هامپ، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و جێگری بەڕێوەبەری میرەی گشتی و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی وەزارەت، ڕێوڕەسمی کۆتایيهاتنی یەکەی مەشقی میدیایی و خولی ڕاهێنان لەسەر ئامێرە ئەلیکترۆنی و تەکنیکیيەکانی میدیای سەربازی، بۆ ژمارەیەک لە کارمەندانی هەردوو فیرقەی سەربازی و لیواکانی پیادە و بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی ڕاگەیاندن و هۆشیاريی نیشتمانی بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا، چەند کورتەڤیدیۆیەکی تایبەت کە لەلایەن تیمی ئەڵمانی و کارمەندانی مەشقپێکراو وەک نیشاندانی توانایان ئامادە کرابوون، بۆ ئامادەبووان نمایش کران، پاشان بەڕێوەبەری گشتيی ڕاگەیاندن و هۆشیاريی نیشتیمانی لە گوتەیەکدا سوپاسی هاوکاریيەکانی وڵاتی ئەڵمانیای کرد و ڕایگەیاند: جەنگی دژی تیرۆر و دەرهاویشتە نەرێنیيەکانی ڕابردوو، بوو بە پاڵنەر و بنچینە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی ڕاگەیاندن و هۆشیاريی نیشتمانی بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دۆستانمانان لە هاوپەیمانیيەتی نێودەوڵەتی و بە تایبەت وڵاتی ئەڵمانیا، بتوانین پەرە بە بواری میدیایيی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بدەین و هەوڵەکانیش لەمبارەیەوە بەردەوامن، هاوکات بەڕێوەبەری گشتيی ڕاگەیاندن دەستخۆشی لە ستافی ڕاهێنەران و ڕاوێژکارانی سەربازيی وڵاتی ئەڵمانیا کرد کە بەدرێژایی ئەم خولە بە شێوەی مەیدانی و بە تەکنیکی بەرز هاوکار بوون لە گەشەپێدانی توانای بەشداربووان.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەكهدا، ئەمینداری گشتيی وەزارەتی پێشمەرگە، لە گوتەیەکدا، خۆشحاڵيی خۆی بە کۆتاییهاتنی ئەم خولە دەربڕی و بە هەنگاوێکی دیکەی بهدامهزراوهییكردنی سهربازییانهی هێزی پێشمهرگهی كوردستانی لەقەڵەم دا و هاوشانی کرد لهگهڵ ههوڵ و ههنگاوهكانی وەزارەت بۆ پێشخستن و گهشهپێدانی بوارە ههمهجۆرەکانی وهزارهتی پێشمهرگه و بۆ پێشخستنی بواری ڕاگەیاندنی سهربازی له وهزارهتی پێشمەرگە.
لەکۆتایيی گوتەکەیدا، ئەمینداری گشتی سوپاسی ڕاوێژکارانی سەربازيی هێزەکانی ئهڵمانیای له ههرێم کرد، کە لەماوەی ڕابردوودا هاوکار و پاڵپشت بوونە لە پێشخستنی میدیای سەربازی لە وهزارهتی پێشمهرگه.
لای خۆیەوە کۆڵۆنێڵ فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "پەیوەندdی دۆستانەمان لەگەڵ پێشمەرگەداK هانمان دەدات کە ئامادەیdمان هەبێت بۆ هاوکاریکردنی پێشمەرگەK و لەمبارەیەوەش لە چوارچیوەی پرۆگرامێکی تایبەت هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە دەکەین."
هاوکات گوتیشی: ئێمە زۆر دڵخۆشین کە ڕاوێژکاری هەرە بەتوانای میدیایيی ئەڵمانیا هاوشان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە کار دەکەن، و بەیەکەوە لە ڕێگەی ڕێکخستنێکی دروستی میدیایی دەتوانین پەرە بە میدیای سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بدەین، کۆڵۆنێڵ هامپ ئاماژەی بەوەش دا کە شەڕی دژی تیرۆر پێویستی بەوە ههیە پێشمەرگە لەڕووی میدیاییەوە پەرە بە تواناکانی بدات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانێت بەشێوەیەکی دروست شەڕی میدیایيی دوژمنەکەی بکات.
شایانی باسە، لەم خولەدا ژمارەیەک کارمەند و پێشمەرگە لە ڕاگەیاندنی فیرقەکان و لیواکانی پیادە و بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی ڕاگەیاندن بەشدارن و لە چوارچیوەی پلانێکی تایبەت لەلایەن فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و ڕاوێژکارانی ئەو وڵاتە سەرپەرشتی دەکرا، و لەلایەن ڕاهێنەران و ئەکادیمیستانی ئەڵمانی بە ئەزموون لە بواری میدیایی، وانەکانی ئەم خولە بە شێوەیەکی تەکنیکيی نوێی میدیایی پێشکەش بە بەشداربووان دەکرا.