Skip to the content

بە سەرپەرشتیی کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر وۆرکشۆپی ستراتیژیەتیی سەرکردایەتی کۆتایی هات

ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ئاداری ٢٠٢٤، لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی کۆڵۆنێڵ تیم کەیڤ گیبس، ڕاوێژکاری بەرگریی تایبەت لە کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر، وۆرکشۆپێک بۆ پێشخستنی توانای ئەفسەران و ئاشناکردنیان بە پرۆگرامی سەرکردایەتیی ستراتیژی و ڕۆڵی سەرکردایەتیی پێشکەوتوو، بۆ فەرماندەیی کردن لەڕووی ئەكادیمییەوە بۆ ژمارەیەک لە ئەفسەرانی یەکە جیاوازەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەکۆتا هات.

ئەم وۆرکشۆپە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، ژمارەیەک لە ئەفسەرانی یەکە جیاوازەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر ئاستی بەڕێوەبەری یەکەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان بەشدارییان تێدا کرد، بەشداربووانی ئەم وۆرکشۆپە بە شێوەیەکی ئەکادیمی بە بەکارهێنانی ئەو توانا و بەهرانەی لەبەردەست دان ئاشناکران بە سەرکردایەتیی ستراتیژی و ڕۆڵی سەرکردایەتیی پێشکەوتوو بۆ فەرماندەیی کردن و زانستە باڵاکانی فەرماندەییی ستراتیژی، لە کۆتایشدا بڕوانامەی ڕێزلێنان بە ئەفسەرانی بەشداربوو بەخشرا.

شایانی باسە، ئەم وۆرکشۆپە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی شانشینی یەکگرتوو لە هەولێر سەرپەرشتی دەکرا، لەلایەن لێکۆڵەران و ئەکادیمستانی ئەکادیمیای بەرگریی بەریتانیا وانەکان پێشکەش کران، بڕیاریش وایە لە داهاتوودا کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بە هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامی بەم وۆرکشۆپانە بدات.