بەڕێوەبەری بنکەی مەشقی دهۆک ئالوگۆڕ کرا
لەچوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییە ئیدارییانەی کە لەناو دیوان و یەکەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێن، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٤، لە بنکەی مەشقی پیادەی دهۆک، بە ئامادەبوونی عمید ئەحمەد صادق، جێگری بەڕێوەبەری مەشقی سەربازی و عمید فەرمان زراری، جێگری بەڕێوەبەری میرە و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی بنکە، لە مەراسیمێکدا بەڕێوەبەری بنکەی مەشقی پیادەی دهۆک ئالوگۆڕ کرا.
لەو مەراسیمەدا، عقید ڕوکن شڤان عبدالقادر، لە شوێنی عمید ڕوکن زەید هابی ڕەشید، وەک بەڕێوەبەری بنکەی مەشقی دهۆک دەست بەکار بوو، لەمبارەیەوە جێگری بەڕێوەبەری مەشق لە گوتەیەکدا سوپاس و پێزانینی وەزارەتی ئاراستەی عمید ڕوکن زەید هابی کرد کە لە ماوەی ڕابردودا دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە کاری بۆ سەرخستنی کارەکانی بنکەی مەشق کردووە و هیوای سەرکەوتنیشی لە ئەرکی داهاتوو بۆ خواست، هاوکات جێگری بەڕێوبەری مەشق پیرۆزباییی دەستبەکاربوونیشی وەک بەڕێوەبەری بنکەی مەشقی دهۆک لە عقید ڕوکن شڤان عبدالقادر کرد، و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و بەرپرسیارییەتی تازە بۆ خواست لەپێناو پێشخستن و خزمەتکردنی زیاتر لە ڕاییکردنی ئیشوکارەکانی بنکەی مەشق، و هەوڵدان بۆ پێشخستنی زیاتری مەشق و ڕاهێنان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.