Skip to the content

وۆرکشۆپی بنەماکانی بەڕێوەبردنی پرۆژەکان بۆ ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆتایی هات

ڕۆژی پێنجشەممە ۲۹ی شوباتی ٢٠٢٤، لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی لیوای ئەندازیار نەبەز صلاح، بەڕێوەبەری چاکسازی، و کۆڵۆنێڵ تیم کەیڤ گیبس، ڕاوێژکاری بەرگریی تایبەتی وڵاتی بەریتانیا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی وۆرکشۆپێکی سێ ڕۆژە لەژێر ناونیشانی بنەماکانی بەڕێوەبردنی پرۆژە بەڕێوە چوو.

لەم وۆرکشۆپەدا، ژمارەیەک ئەفسەری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە لە بەرێوەبەرایەتیی چاکسازی و بەڕێوەبەرایەتییە جیاوازەکانی وەزارەتی پێشمەرگە تیایدا بەشداربوون، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری چاکسازی، جەختی لە گرنگی ئەو جۆرە خولانە کردەوە، بەتایبەت لەسەر ئاستی گشتی و تایبەتمەندی وۆرکشۆپەکە، کە بۆ بەڕێوەبردن و کارکردنی تیمی پرۆژەکانی چاکسازی بە پاڵپشتیی بەهێزی وڵاتی بەریتانیا و کونسوڵگەریی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ڕیفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتی دەکرا.

لەلایەن خۆیەوە کۆڵۆنێڵ تیم سوپاسی ڕێکخەرانی ئەو خولەی کرد لە وڵاتی بەریتانیا لەو چەند ڕۆژە بابەتی زۆریان بە شێوازێکی ئەکادیمی و پێشکەوتوو خستە بەردەستی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە.
لە کۆتایی خولەکەدا بڕوانامەی تایبەت بە بەڕێوەبردنی پرۆژەکان پێشکەش بە بەشداربووان کرا.