تیمێکی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سەربازيی ئەمهریکا سەردانی بنکەی ئەسنادی سلێمانی کرد
ڕۆژى يهكشهممه ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٤، لیوا روکن هۆشمەند حهیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، هاوشان لەگەڵ شاندێکی ڕاوێژکارانی سەربازيی ئەمهریکا کە پێکهاتبوون لە کۆڵۆنێڵ پەیپەر، پاشکۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەی ئەمهریکا لە بەغدا و کۆڵۆنێڵ مایکل گاچێرۆ، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاريی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتيی ئەمهریکا لە هەولێر و بەڕێوهبەری گشتيی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی) و بەڕێوهبەری میرەی گشتی، سەردانی بنکەی ئەسنادی ٢ـيان لە سلێمانی کرد و لەلایەن فەرماندەی بنکە و ئەفسەرانەوە پێشوازییان لێ کرا.
ئامانجی سەردانەکە، دڵنیایيدان و بەدواداچوون بوو لە قۆناغەکانی دەستبەکاربوونی تەواوەتيی بنکەکانی ئەسناد و خێراترکردنی ڕێکارەکانی دابینکردنی پێداویستیيەکانیان، بۆ باشترکردنی ئەرک و کارەکانی بنکەکانی ئەسنادی دهۆک و سلێمانی. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکی ئەرکان دەستخۆشی لە بەڕێوهبەر و ئەفسەرانی بنکەی ئەسنادی سلێمانی کرد، هاوکات سوپاسی هەماهەنگی و هاوکارییە ڕاوێژکاری و لۆجستیيەکانی ڕاوێژکارانی سەربازيی ئەمهریکای لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆتاییى سەردانەكهدا، تیشک خرایە سەر چۆنیيەتی کارکردن، بۆ پێشخستنی هۆکارەکانی بەهێزکردنی بنکەکانی ئەسناد و هاوکات چەند ڕاو پێشنارێک بۆ بەرەوپێشبردنی بنکەی ئەسنادی سلێمانی کرا، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببێتە پاڵپشتییەكی باش بۆ بەڕێوهبەرایەتيی میرەی گشتی بۆ كاروباری لۆجستی و دابینکردنی پێداویستيیە سەربازییەکان لە کاتی پێویست لەو سنورەدا.