Skip to the content

لە ڕێوڕەسمێکدا بەڕێوەبەری وەرزش و یارییەکان ئاڵوگۆڕ کرا

لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕییانەی کە لەناو دیوان و یەکەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێن، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ئایاری ٢٠٢٤، لە بەڕێوەبەرایەتیی وەرزش و یارییەکان، بە ئامادەبوونی لیوا دڵشاد سەعید، بەڕێوەبەری ئیدارەی گشتی و لیوا حەسەن شێخ مەلا، بەڕێوەبەری مەشقی سەربازی و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، لە ڕێوڕەسمێکدا ئاڵوگۆڕی پۆستی بەڕێوەبەری وەرزش و یارییەکان بەڕێوەچوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا عمید نیزام عەلی، لە شوێنی لیوا ئەحمەد غازی، وەک بەڕێوەبەری وەرزش و یارییەکان دەست بەکار بوو.
لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری ئیدارەی گشتی، سوپاس و پێزانینی وەزارەتی پێشمەرگەی ئاراستەی لیوا ئەحمەد غازی کرد، کە لە ماوەی ڕابردوودا، خەمخۆرانە هەوڵی بۆ سەرخستن و ڕاییکردنی کارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە داوە و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست، هاوکات پیرۆزبایی لە عمید نیزام عەلی کرد و هیوای خواست لە ئەرکی نوێیدا سەرکەوتوو بێت.

شایانی باسە، ئەم ئاڵوگۆڕییانە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک گۆڕانکاریدایە، لەناو دیوان و یەکەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەپێناو بەرەوپێشبردنی کار و ئەرکەکانی وەزارەت و هاوتەریبە لەگەڵ پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.