Skip to the content

بەڕێوبەرایەتيی هۆشیاريی نیشتمانی و ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان سمینارێکیان له‌بارەی پڕوپاگەندە بەڕێوەبرد

ڕۆژى سێشه‌ممه‌ ٧ــی ئایاری ٢٠٢٤ بە ئامادەبوونی لیوا عوسمان محەمەد، بەڕێوه‌بەری گشتيی ڕاگەیاندن و هۆشیاری، عمید شوان مەحمود، جێگری بەڕێوه‌بەر و ژمارەیەک لە ئەفسەران، بەڕێوه‌بەرایەتيی هۆشیاريی نیشتمانی، سەر بە بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی ڕاگەیاندن و هۆشیاری، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان، سيمینارێکیان لەبارەی پڕوپاگەندە ڕێكخست.
لە سەرەتادا، لیوا عوسمان محەمەد ، بەڕێوه‌بەری گشتيی ڕاگەیاندن و هۆشیاری لە گوتەیەکدا، تیشکی خستە سەر کاریگەرییەکانی پڕوپاگەندە و ئاماژەی بەوە دا، کە پێوێستە هێزەکانی پێشمەرگە توانای دەستنیشانکردنی پڕوپاگەندەیان هەبێت و لە هەمان کاتیشدا توانای شیکارکردن و چۆنیيەتی ڕەفتارکردنی هەبێت لەگەڵ جۆری پڕوپاگەندەکان، هاوکات بەڕێوه‌بەری گشتيی ڕاگەیاندن و هۆشیاری، سوپاسی تیمی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانانی کرد، کە هەمیشە هاوکار و هەماهەنگن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە، بۆ کردنەوەی ئەم جۆرە چالاکیيانە و هیواشی خواست کە لە پاڵپشتيكردنى پێشمەرگە بەردەوام بن.

دواتر بابەتی سمینارەكه‌ دەستی پێ کرد، کە لەلایەن کاپتن یانس، ڕاوێژکاری میدیایی لە سوپای ئەڵمانیا پێشکەش کرا و تیایدا بەوردی پێناسەی پڕوپاگەندەی کرد و جۆر و شێوازەکانی شی کردەوە و بە سلاید تیشکی خستە سەر چۆنیيەتی شیکارکردنی پڕوپاگەندە و کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنیيەکانی لە بواری میدیاییى سەربازی، هەروه‌ها چەند تەکنيكێکی بۆ چۆنیيەتی کارکردن لەسەر ناوەڕۆک و ئامانجی پڕوپاگەندەکان خستە ڕوو.