بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەرنامەکان پێشوازی لە بەرپرسی نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش کرد
ڕۆژی دووشەممە ١٣ـی ئایاری ٢٠٢٤، لیوا توانا صدیق حسین، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی)، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ مایکل گاچێرۆ، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسولخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر و تیمێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا، بەرنامە و پلانی دارایی بەپێی ناوەرۆکی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا خرایە بەر باس و بەبایەخەوە باس لەیاداشتنامەکە کرا. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر جێبەجێکردنی بڕگە و خاڵەکانی ناو کارنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانیان، هاوکات دوایین هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە پرۆسەی ڕێکخستنەوەی یەکە و هێزە جیاوازەکانی پێشمەرگە گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
لە کۆتاییی ئەو دیدارەدا هەردوولا کۆک بوون لەسەر هەماهەنگی و گرنگیدانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی ڕاوێژکارانی ئەمەریکا و هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، بۆ بەئەنجام گەیاندنی کۆی پرۆسەی چاکسازی، کە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان، کاری لەسەر دەکات.