Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە کونسولی گشتيی فەرەنسا کرد

ڕۆژى يه‌كشه‌ممه‌ ٥ــی ئایاری ٢٠٢٤، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە د. یان بریم، کونسولی گشتيی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ دیڤا، پاشکۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا کرد.

لە دیدارێکدا، کە لیوا روکن محمد سعید، بەڕێوه‌بەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوو، گفتوگۆی هەمەلایەنە سەبارەت بە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەردوولا و پاراستنی ئامانجە هاوبەشەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستاندا كرا، سەرۆکی ئەرکان، سوپاسی گەل و حکومەتی فەرەنسای کرد لە هاوکاری و هەماهەنگيی ڕاوێژکارانی سەربازيی ئەو وڵاتە بۆ هێزی پێشمەرگە.

کونسولی گشتيی فەرەنسا، ستایشی ڕۆڵی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کرد، و جەختی لە گرنگيی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیريی ناوچەکە کردەوە، هاوکات ڕوونیكرده‌وه‌ كه‌ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، پێشوەچوونی باشی به‌خۆیەوە بینیوه‌ و هیوامان بە بەردەوامی و گەشەپێدانی ئەو پەیوەندییانەش هەیە.

له‌ كۆتایيی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سەرۆکی ئەرکان هیوای خواست وڵاتی فەرەنسا له‌ هاوکاری و هەماهەنگیيەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام بێت، لەم ڕووەشەوە ئاماده‌یيی وه‌زاره‌تی پێشمەرگەی بۆ هەر کارێک نيشان دا، کە ئامانج لێی هاوکاری و گەشەپێدانی هەماهەنگیيەکان بێت لەگەڵ هێزی پێشمەرگە.