Skip to the content

فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانيی یەک پێشوازی لە وەفدێکی باڵای سەربازيی ئەمه‌ریکايى کرد

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٤، فەریق سیهاد بارزانی، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانيی یەک، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ مایکڵ گەچێرۆ، ڕاوێژکاری باڵای سەربازی لە کونسولخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا لە کوردستان و شاندێکی یاوەری كرد.

لە دیدارێکدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و هاوکاری و  هەماهەنگییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرا. دواتر شاندی میوان سەردانی مۆزەخانەی فەرماندەیی هێزەکانی (پشتیوانيی یەک)یان کرد، کە تایبەتە بە کەلوپەل و تەقەمەنی و بۆمبە چێنراوەکان و چەندین جۆری چەکی گرانی تیرۆرستانی داعش، کە سەرجەمیان لەلایەن کەتیبەی ئەندازەی سەربازی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانيی یەک، لە ماوەی شەڕی تیرۆرستانی داعش پوچەڵکراونەته‌وە.

شایانی باسە تیرۆریستانی داعش ئەو بۆمب و تەقینەوانەیان بۆ مەبەستی زیانگەیاندن بە هێزەکانی پێشمەرگە و ڕێگریکردن لە بەرەوپێشچوونەکانی  پێشمەرگە بەکاردەهێنا.

لای خۆیەوە ڕاوێژکاری باڵای سەربازيی کونسولخانەی ئەمه‌ریکا، دەستخۆشی لە فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانيی یەک کرد و بە کارێکی گرنگ و مەزنیان زانی بۆ پاراستنی گیانی هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل لە بەرەکانی شەڕ.

دواتر فیلمێکی دۆكيۆمێنتاری پەخش کرا، کە تایبەت بوو بە کار و چالاکییەکانی کەتیبەی ئەندازەی سەربازی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانيی یەک لە ماوەی شەڕی تیرۆریستانی داعشدا، کە تیایدا چۆنیيەتی پوچەڵکردنەوەی بۆمبە چێنراوەکان و پاککردنەوەی تونێل و خانوو و ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکان نمایش کران.