Skip to the content

لە دوو دیداری جیادا چاکسازیی پێشمەرگە و یەکسانیی ڕەگەزی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ـی ئایاری ٢٠٢٤، لیوای ئەندازیار نەبەز سلاح، بەڕێوەبەری چاکسازی، لە دوو دیداری جیادا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەفسەران، پێشوازی لە میوانان کرد، کە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کردبوو.

لە وێستگەی یەکەمدا، بەڕێوەبەری چاکسازی، پێشوازی لە کۆڵؤنێڵ ڤێسی، فەرماندەی هێزەکانی ئەستۆنیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەمیانی کۆبوونەوەیەک، بەڕێوەبەری چاکسازی، تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی ڕیفۆرمی هێزەکان و دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی ڕیفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.
لە لایەن خۆیەوە کۆڵۆنێڵ ڤێسی، جەختی لە گرنگیی پرۆژەکانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەت کرد و پرۆسەی ڕیفۆرمی بە هەنگاوێکی گرنگ لە قەڵەم دا و ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم هەنگاوانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەبنە بنەمایەک بۆ گۆڕانکاری و بەرەوپێشبردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە ئاییندەدا.

لە وێستگەی دووەمیدا، بەڕێوەبەری چاکسازی، پێشوازی لە خاتوو شاون ڕاوێژکاری کاروباری پەیوەست بە کەیسی یەکسانیی ڕەگەزی، لە ئەنجومەنی باڵای خانمان و بەڕێز جێڵ، ڕاوێژکاری سیاسیی کونسولخانەی گشتیی وڵاتی هۆڵەندا لە هەولێر کرد.
لە میانی ئەم دیدارەدا، تیمی پرۆژەکە، پوختەیەکی پێشکەش کرد و پاش گفتوگۆیەکی تێر و تەسەل و خستنەڕووی بۆچوونی شاندی میوان و بەهەندوەرگرتنی ڕا و پێشنیارەکانیان، پاشان بە ئامانجی گرنگیدانی زیاتر بۆ دەوڵەمەندکردنی پرۆژەی یەکسانیی ڕەگەزی، چەند سەرنج و تێبینییەک خرانە ڕوو، بۆ سوودگەیاندن بە تیمی پرۆژەکە، چونکە لە ئێستا تیمێکی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیەکن، لە چوارچێوەی بەرنامەی ڕیفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە.

لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری چاکسازی، سەردانی میوانانی بەرز نرخاند و پاڵپشتییەکانیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی، بە شێوەیەکی گشتی و بەرنامەی ڕیفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە بەتایبەتی بە کارێکی گرنگ و پڕبایەخ وەسفکرد، و هیوای خواست ئەم هەماهەنگییانەی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت و زیاتر پەرەیان پێ بدرێت.