مەراسیمی کۆتاییهاتنی خولی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی دهۆک بەڕێوەچوو
ڕۆژى سێشهممه ۱٤ــی ئایاری ۲۰۲٤، بە ئامادەبوونی مارک سترۆ، قونسلی گشتيی ويلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا لە هەرێمی کوردستان و عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، و سەرۆکی زانکۆی دهۆک، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەری چاکسازی، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسولخانەی گشتيی ئەمهریکا لە هەولێر و بەرپرسی ئۆفیسی ئۆپراسیۆنی نێودەوڵەتيی ڕێکخراوی سپیریت ئۆفی ئەمهریكايى و بەرپرسی هەرێميی ڕێکخراوەکە ئامادەی بوون، ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولێکی زمانی ئینگلیزی بۆ ۳۰ ئەفسەر و کارمەندی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە لە زانکۆی دهۆک بەڕێوەچوو.
سەرۆکی زانکۆی دهۆک لە پەیڤێکدا خۆشحاڵيی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەم جۆرە خولانە دهربڕى و سوپاسی ڕێکخراوی سپیریتی ئەمهریکايى کرد، بۆ هاوکاریکردنی دارایيی ئەم خولە. لەلایەن خۆیەوە بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، پیرۆزبایی لە سەرجەم ئەفسەران و کارمەندانی خولەکە کرد و دەستخۆشی لە پاڵپشتيی زانکۆی دهۆک و مامۆستایانی کرد و دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتيی چاکسازی و ئەفسەرەکانی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم خولە کرد و هەماهەنگيی ڕێکخراوی سپیریتی ئەمهريكايى لەگەڵ بەڕێوهبەرایەتيی چاکسازيی وەزارەتی پێشمەرگە بەرز نرخاند.
هەر لەم بۆنەیەدا، کونسولی گشتيی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمهریکا لە گوتەیەکدا جەختی لە گرنگيی فێربوونی زمانی ئینگلیزی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە و سوپاسی ڕێکخەرانی ئەم خولەی کرد.
لە کۆتاییدا، زاک بازی، بەرپرسی هەرێميی ڕێکخراوەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خۆشحاڵيی خۆی بە کۆتاییهاتنی خولەکە بەسەرکەتوویی دەربڕی و پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرجەم ئەفسەران و کارمەندانی دەرچووی خولەکە کرد و توانا و ویستی ڕێکخراوەکەی نیشان دا بۆ بەردەوامیدان بەم جۆرە خولانە و سوودمەندبوونی زیاتری پێشمەرگە لە سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە بەشداریکردن لە هاوشێوەی ئەم خولانە.