Skip to the content

وه‌زيرى كاروبارى پێشمه‌رگه‌: هەموو هەوڵێک بۆ یەکگرتنەوەی تەواوەتيی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ده‌ده‌ين

ڕۆژى يه‌كشه‌ممه‌ ٥ـی ئایاری ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، پێشوازی لە یان برێم، کونسولی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ دیڤا، ڕێکخەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگريی فەرەنسا لە باڵيۆزخانەی ئەو وڵاتە لە عێراق كرد.

لەو دیدارەدا، کە عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت ئامادەى بوو، چەند بابەتێکی گرنگ و جێى بایەخی نێوان هەردوولا باس کران، هاوکات لەبارەی پرۆسەی چاکسازی، تیمی باڵای کونسولخانەی فەرەنسا دڵخۆشيی خۆیان بەرانبەر بەرەوپێشچوون و پەرەسەندنی کاروبارەکانی پرۆسەکە لە وەزارەتی پێشـمەرگە ده‌ربڕى.
لە بەرانبەر پاڵپشتی و هاوکاريی بەردەوامیان بۆ هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە، شۆڕش ئيسماعيل، سوپاسی هەوڵەکانی کونسولی فەرەنسا و ڕاوێژکارانی سەربازی و سیاسیی ئەو وڵاتەی کرد، هەروەها گوتیشی: پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە به‌رده‌وامه‌ و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و یەکگرتنەوەی تەواوەتيی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.