وەزیری کاروباری پێشمەرگە لەگەڵ شاندێكی باڵای سەربازی و دیپلۆماتی ئەڵمانیا کۆبووەوە
ڕۆژی دووشەممە ۱۳ـی ئایاری ۲۰۲٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، لەگەڵ شاندێكی باڵای سەربازی و دیپلۆماتی ئەڵمانیای فیدڕاڵ کۆبووەوە، کە پێکهاتبوون لە کۆڵۆنێڵ پێرسیکۆڤسکی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا و بێنیامین حەننا، کونسولی گشتیی بەوەکالەت و وەفدێکی یاوەریان.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکارانی سەربازیی وەزارەت ئامادەی بوون، چەند پرسێکی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی هەردوولا، پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگه، بایەخی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم و عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کران.
وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: هاوکارییە هەمەلایەنەکانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ، بەشداری و هاوبەشییان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێی بایەخی زۆرە، لە بەرانبەر پێشخستن و گەشەسەندنی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگەدا.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا و کونسولی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر، بۆ سەرخستن و پێشخستنی پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە، جەختیان لەسەر بەردەوامیدان بە هاوکاری و هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە کردەوە.