ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی پرۆژەکانی چاکسازی کرد
ڕۆژی یەکشەممە ۱۹ی ئایاری ۲٠۲٤، لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی، لیوا بەشدار ئیسماعیل، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی کۆڵۆنێڵ واڵتەر، ڕاوێژکاری سەربازیی وڵاتی هۆڵەندا و مێجەر لویزا، ڕاوێژکاری سەربازیی وڵاتی ئەڵمانیا، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی پرۆژەکانی چاکسازی کرد.
لە میانی کۆبوونەوەیەکدا، عمید جەوهەر صالح ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری چاکسازی، جەختی لە گرنگیی پاڵپشتیی وەزارەتی پشمەرگە و ڕاوێژکارانی وڵاتانی هاوپەیمان کردەوە، بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و هیوای خواست کە ئەو کۆبوونەوانە بەردەوامییان هەبێت.
پاشان تیمی پرۆژەکانی چاکسازی، پوختەی بەرەوپێشچوونەکانی پرۆژەکانیان خستە ڕوو، لەلایەن خۆیەوە، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەت، ئاماژەی بە گرنگیی پرۆسەی ڕیفۆرمی وەزارەت دا و پاڵپشتی و پشتگیریی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ تیمی پرۆژەکانی چاکسازی، بەتایبەتی بۆ پرۆژەی یەکسانیی مافی ئافرەت و پیاو لە وەزارەتی پێشمەرگە نیشان دا، کە گفتوگۆی تێروتەسەل لەسەر ئەم بابەتە کرا، هاوکات ڕاوێژکارانی هەردوو وڵات بۆچوون و پێشنیار و تێبینیی خۆیان خستە ڕوو.