ڕاوێژکاری سەربازيی هێزەکانی فەرەنسا: فهرهنسا لەپاڵپشتیکردنی پرۆسەی ڕیفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت
ڕۆژى چوارشهممه ۲۹ی ئایاری ۲٠۲٤، عمید جەوهەر صالح ئەحمهد، جێگری بەڕێوەبەری چاکسازی، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ جۆن مارک کۆپۆلا و مێجەر نیکۆلا، ڕاوێژکارانی سەربازی لە فەرماندەیی هێزەکانی فەرەنسا لە هاوپەیمانیبەتی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەمیانی کۆبوونەوەیەک كه عمیدی ئەندازیار شاخەوان سەلام، بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوە و پەرەپێدانی پرۆژەکانی چاکسازی و ژمارەیەک ئەفسەری تیمی پرۆژەکان ئامادەى بوون، بەڕێوەبەرایەتيی چاکسازی دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی ڕیفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگەی خستە ڕوو و جەختی لە ژمارەیەک پرۆژە کرد، کە لە ئێستادا تیمی پرۆژەکانی چاکسازی کاریان لەسەر دەکەن.
لە لایەن خۆیەوە، کۆڵۆنێڵ جۆن مارک، نیازی وڵاتی فەرەنسای بۆ پاڵپشتیکردن لە دابینکردنی ڕاوێژی پێویست بۆ پرۆژەی ڕیفۆرمی وەزارەت و هەوڵدانیان بۆ ناردنی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ وڵاتی فەرەنسا بۆ خوێندن لە کۆلێژی جەنگ و هەروەها هەوڵی خۆیان بۆ کردنەوەی خولی فێربوونی زمانی فەرەنسی لە بەشی تەکنەلۆجیا و زمانەکانی سەر بە بەرێوەبەرایەتيی چاکسازی نیشان دا.
لە کۆتایيی کۆبونەوەکە، جێگری بەڕێوەبەری چاکسازی سوپاسی وڵاتی فەرەنسای کرد، بۆ پاڵپشتيی وەزارەتی پێشمەرگە و هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی پێشمەرگە.