بەڕێوەبەرایەتیی گەیاندن کۆتایی بە خولی بنەڕەتیی دووی ئەفسەران هێنا
بەپێی پلانی مەشقی سەربازی، بۆ ساڵی ٢٠٢٤ و لە درێژەی ئەو زنجیرە خولانەی کە بنکەی مەشق و ڕاهێنانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گەیاندن (ٳتصالات) بۆ بەرزکردنەوەی توانای ئەفسەران و کارمەندان لەسەر ئامیرەکانی پەیوەندیکردنی سەربازی دەیکاتەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، لە بەڕێوەبەرایەتیی میرەی گشتیی سەربازی، بە ئامادەبوونی لیوا کازم لەزگین، بەڕێوەبەری گەیاندن و عمید کامەران محەمەد شەریف، جێگری بەڕێوەبەر و ژمارەیەک لە ئەفسەران، بەڕێوەبەرایەتیی گەیاندن، کۆتایی بە خولی بنەڕەتیی دووی ئەفسەران هێنا.
لەم خولەدا، ژمارەیەک ئەفسەری لیوا و یەکەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ماوەی دوو مانگ بەشدار بوون، وانەکانی ئەو خولە لەلایەن ئەفسەر و مامۆستای بەڕێوەبەرایەتیی گەیاندن دەگوترانەوە.
لەم خولەدا بەژداربووان بە شێوەی تیۆری و پراکتیکی ئاشنا بە سیستەمی گەیاندنی سەردەم و چۆنیەتی بەکارهێنان و دانانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی سەربازی بوون و لە کۆتایشدا بڕوانامەی دەرچوون بە ئەفسەرانی بەشداربووی خولەکە بەخشرا.