سەرۆکی ئەرکانى وهزارهتى كاروبارى پێشمهرگه پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کرد
ڕۆژى يهكشهممه ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، پێشوازی لە جەنەڕاڵ هـام، فەرماندەی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لەو دیدارەدا، هەردوولا بەگرنگیيەوە تیشکیان خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی، بۆ بەئەنجامگەیاندنی بەرنامە و پلانی هاوبەش بۆ لەناوبردنی هزری توندڕەويی داعش و گرووپە تیرۆرستیيەکان لە ناوچەکە. جەنەڕاڵ هام خۆشحاڵيی خۆی بە هەوڵ و هەنگاوەکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە لە پرۆسەی چاکسازيی هێزەکان نيشان دا و ئاماژەی بەوە دا؛ هەوڵەکانی هاوپەیمانان بە ئاراستەی بەرەوپێشبردن و کارکردنی زیاتر بۆ پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.