وەزیری كاروبارى پێشمەرگە پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی بازرگانيی ئەمهریکا - کوردستان کرد
ڕۆژى دووشەممە ١٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، شاندێکی ئەنجومەنی بازرگانيی ئەمهریکا - کوردستان (USKBC)، بە سەرۆکایەتيی دەیڤد تافوری، سەرۆکی ئەنجومەنهكه، سهردانى وهزارهتى كاروبارى پێشمهرگهى كرد و لهلايهن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگەوه پێشوازى لێ كرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە ڕاوێژکاران و ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەت و نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیا ئەمهریکايیەکان ئامادەی بوون. وەزیری پێشمەرگە پیرۆزبایيی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەمهریکای لە ئامادەبووان کرد و ڕایگەیاند: هیوادارين کابینەی نوێی حکومەتی ئەمهریکا پاڵپشتی و پشتیوانییەکانی بۆ گەلی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر بێت.
لە بەشێکی ديكهى کۆبوونەوەکەدا، شۆڕش ئيسماعيل بە گرنگیيەوە باسى لە دۆخی ئێستای هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەوپەڕی توانا و گیانفیداییەوە بەردەوامە لە پارێزگاریکردنی ئارامی و سەقامگیريی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەش، لەم پێناوەشدا کاروانی قوربانیدان و شەهیدانمان بەردەوامە.
سهرۆكى ئەنجومەنی بازرگانيی ئەمهریکا - کوردستان دڵخۆشيی خۆی بە سەردانەکەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دهربڕى و بەسەرکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی بە شانازی وەسف کرد. لەبارەی ئامانجی سەردانەکەشیان دهيڤد تافورى ڕایگەیاند "بە پێویستی دەزانین وەکوو ئەم ئەنجومەنە باڵایە پشتیوانی و پاڵپشتیی بەردەوامی خۆمان بۆ گیانفیدايی و قارەمانييهتی و ڕۆڵی باڵای پێشمەرگە دەرببڕین".