وەزیری كاروبارى پێشمەرگە پێشوازی لە شاندێکی کۆچ و کۆچبەرانی وڵاتی نەرویج کرد
ڕۆژى دووشهممه ٢٥ی تشرینی دووەمى ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە، پێشوازی لە جولی گرۆداڵ، ڕاوێژکاری باڵا لە بۆردی کۆچ و کۆچبەران لە وڵاتی نەرویج و تیمی یاوەری کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە عهبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و لیوا روکن محهمهد سهعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان ئامادەى بوون، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە بەگرنگیيەوە باسی لە دوایين گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، بابەتی ئاسایش و سەقامگیريی ناوچەکە و ڕۆڵی باڵای هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە تێکشکاندن و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان کرد.
شۆڕش ئیسماعیل بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هێزێکه خاوەنى بڕوای نیشتمانیيە و بەردەوامە لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە. لەم پێناوەشدا شەهید و قوربانيی زۆری داوە و بەردەوامە و هەمیشە لە سەنگەری بەرگريی نیشتماندان.
لەبارەی پاراستنی مافەکانی کۆچبەران لە هەرێمی کوردستان، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە ڕایگەیاند: گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی لەپێشینەی خۆی دەزانێت پارێزگاری لە مافی کۆچبەران بکات، کە ڕوو دەکەنە هەرێمی کوردستان بە هاوکاريی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیيەکان کە لەم بوارەدا هاوکار و پاڵپشتيی کۆچبەرانن.
ڕاوێژکاری باڵا لە بۆردی کۆچ و کۆچبەران دڵخۆشيی خۆی به سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە دهربڕى و ڕایگەیاند: دڵخۆشین پێشمەرگە لە ناوچەکەدا داستانی قارەمانييهتی و سەربەرزی تۆمار کردووە و ڕۆڵی باڵای هەیە لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و کۆچبەران و تێکشکاندنی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا.