Skip to the content

وەزیری پێشمەرگە پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کرد

لە میانی سەردانێکی تایبەتی بۆ وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەت ئاماده‌ى بوو. وەزیری كاروبارى پێشمەرگە بە گرنگیيەوە باسی لە دۆخی ئێستای هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و قۆناغی چاکسازی و بنیاتنانی دەڤەر و فیرقەی زیاتر لە وەزارەتی پێشمەرگە کرد. هەروەها وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: "هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێزێکی خاوەن ئیرادەی باڵای کوردستانییە، هەمیشە ساز و ئامادەیە بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان.لەم قۆناغەشدا پێویستی بە هاوکاری و پاڵپشتيی زیاتری هەمووانە، تاکوو پرۆسەی چاکسازی بە شێوەیەکی باشتر و سەرکەوتووانە بەرەوپێش بچێت".
بەشیکی ديكه‌ى کۆبوونەوەکە لەبارەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بوو. جەنەڕاڵ هام، بەردەوامبوونی پاڵپشتی و پشتیوانيی هاوپەیمانانی دووپات کردەوە هەروەها ڕایگەیاند: ئومێد دەکەین بە ویست و ئیرادەی بەهێزی ئێوە بۆ چاکسازی، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەهێزتر و دامەزراوتر بێت، ئێمەش لەم پێناوەدا پشتیوانتان دەبین.
لە کۆتایيی کۆبوونەوەکەدا، چەمکی کارکردنی هاوبەشی نێوان هەردوولا و ئامادەسازییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی یاداشتناممەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا گفتوگۆی لەبارەوە کرا.