Skip to the content

چەند کامێرایەکی حەراری بۆ هێزەکانی پێشمەرگه دابین کران

دوای ئەوەی شاندێکی هاوبەشی ئەمه‌ریکايى، کە پێکهاتبوو لە کۆلۆنێل گیڤن ڕایس، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاريی ئاسایش لە کونسولخانەی گشتيی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەولێر و زاک بازی، بەرپرسی ڕێکخراوی ڕوحی ئەمه‌ریکا و دەیڤید تافوری، بەرپرسی ئەنجومەنی کاری کوردستان - ئەمه‌ریکا، سەردانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگەيان کردبوو، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیوا روکن هۆشمەند حه‌یدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان و لیوا سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێر - مەخمووری هێزی پێشمەرگە و لیوا روکن هۆگر سه‌لاحه‌ددین، فەرماندەی فیرقەی یەکی پیادە، ژمارەیەک کامێرای حەراریيان پێشکەش بە فیرقەی يه‌كی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگه کرد و پاشان کامێراکان ڕادەستى سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگە کران.

هەر لە کۆبوونەویاندا، گفتوگۆ لە بارەی هەماهەنگيی پێشمەرگە و هاوپەیمانان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تيرۆریستانی داعش کرا، دواتر بەگرنگیيەوە باس لە دۆخی ئێستای هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرا و ئاماژە بەوە درا کە: هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەوپەڕی توانایەوە بەردەوامە لە پارێزگاریکردن لە ئارامی و سەقامگیريی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە.
شاندەکە، دڵخۆشی خۆی به‌ سەردانەکەیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و بەسەرکردنەوەی هێزی پێشمەرگە دەربڕی و پاڵپشتیی بەردەوامی خۆیان بۆ گیانفیدايی و قارەمانييه‌تی پێشمەرگە نیشان دا.