Skip to the content

پەرلەمانتار و وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی بەرگريی ئەڵمانیا سەردانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگەی کرد

ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ ٣٠ی تشرينى يه‌كه‌مى ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار محه‌مه‌د سدیق، ئەمینداری گشتی، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە سیمتیێ مویلەر، پەرلەمانتار و وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی بەرگريی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرا.
لەکۆبوونەوەیەکدا، کە فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی ئامادەی بوون، تیشک خرایە سەر ڕۆڵ و کاریگەريی ڕاوێژکارانی سەربازيی ئەڵمانیا لە پێشخستن و سەرکەوتنی پرۆسەی چاکسازی و هاوکاری و هەماهەنگيی بەردەوامی هێزەکانی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگە.
پەرلەمانتار و وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی بەرگريی ئەڵمانیا، بە وەزارەتی پێشمەرگەی ڕاگەیاند: لە هاوکاری و یارمەتیدانی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبين و لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، لە کابینەی حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا، بڕیار درا ئەرکی سوپای ئه‌و وڵاته‌ لە هەرێمی کوردستان و عێراق تاکوو کۆتایيی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ بەردەوام بێت، هەروەها خاتوو سمتیێ مۆیلەر، ستایشی هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد لە پێشکەوتنی پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزەکاندا.
ستافی باڵای وەزارەتی پێشمەگە، دووپاتیان کردەوە ئەوەی ئێستا لە چاکسازیدا بەرهەم هاتووە بە هه‌ماهەنگی و پاڵپشتی و هەوڵەکانی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانيی نێوودەوڵەتی و لە نێویاندا ڕاوێژکارانی سەربازيی ئەڵمانیا هاتووه‌تەدی و وەزارەتی پێشمەرگە بە خۆشحاڵیيەوه دەڕوانێتە کارکردنی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و ئاماژە بەوەش درا وڵاتی ئەڵمانیا لە ڕێگەی ڕاوێژکارەکانیەوە لە هاوپەیمانیيەتی نێودەوڵەتيی دژی داعش ڕۆلێکی کارای هەبووە لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەدا.