خولێکی پەرەپێدانی زمانەوانی بۆ کۆمەڵێک ئەفسەر و پلەداری وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە کرایەوە
بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ گاڤین رایس، بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاريی ئاسایش لە کونسولخانەی ئەمهریکا. سەنتەری زمان لە بەڕێوەبەرایەتيی چاکسازيی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، خولێکی پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی بە هاوکاريی ڕێکخراوی (spirit)ـی ئەمهريكايى، لە زانکۆی ئەمهریکی لە شاری سلێمانی، بۆ ٢٥ ئەفسەر و پلەداری وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە ڕێکخست.
لەو خولەدا، شۆڕش ئيسماعيل گوتەیەکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: پێشمەرگە سیمبولی قارەمانييهتى و گیانفیداییە، هەروەک چۆن لە سەنگەری بەرگری و پارێزگاری لە خاکی کوردستان گیانی خۆيان بەخشیوە، پێویستە لە سەنگەری زانست و زمانەوانیشدا پێشمەرگە هەمیشە پێشەنگ و پێشکەوتوو بێت.
لە بەشێکی ديكهى گوتەکانیدا، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە هیوای سەرکەوتنی بۆ بەشداربووان و ئومێدی بەردەوامبوونی ئەم جۆرە خولانەی بۆ پێشمەرگە خواست و ڕایگەیاند: سوپاسی ڕۆڵی باڵای کونسولخانەی ئەمهریکا و ڕێکخراوی spirit و زانکۆی ئەمهریکايى دەکەین، کە هاوکار و هەماهەنگن لەگەڵ سەنتەری زمانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ کردنەوەی ئەم جۆرە خولانە تاکوو ئاستی زانست و زانیاريی پێشمەرگە بەرزتر ببێتەوە.
بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاريی ئاسایش لە کونسولخانەی ئەمهریکا ڕایگەیاند: ئێمە بەردەوامین لە پێشکەشکردنی هاوکاری و پاڵپشتيى پێشمەرگە له سهرجهم بوارهكاندا و ئومێد دەکەین پێشمەرگە هەمیشە لە ئاستی باڵادا بێت.