سەرۆکی ئەرکانى وهزارهتى كاروبارى پێشمهرگه پێشوازی لە ڕاوێژکارى سەربازيی کونسولخانەی بەریتانیا لە هەولێر کرد
ڕۆژى دووشهممه ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ جون فۆستر، ڕاوێژکاری سەربازى لە کونسولخانەی بەریتانیا لە هەولێر و تیمێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا كه محهمهد سهعید، بەڕێوهبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوو، باس لە برەودانی زیاتر بە هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و وڵاتانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی لە نێویاندا بەریتانیا کرایەوە، هەروەها پرسی مەشق و ڕاهێنانەکان و پرۆسەی چاكسازى و کردنەوەی خولە جیاوازەکان بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی زیاتری هێزەكان خرانە بەرباس.
لە کۆتایيی دیدارەکەدا هەردوولا کۆک بوون لەسەر هەماهەنگی و گرنگیدانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوانیان و شاندی سەربازیی بەریتانیا دووپاتیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە هەماهەنگیکردن بۆ کردنەوەی خول و پێدانی ڕاوێژ بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەک نیشاندانی پەیامی دۆستانەی حکومەتی بەریتانیا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان.