Skip to the content

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کرد

ڕۆژی چوارشەممە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی حافز محەمەد عەلی، ئەمین سڕیی سەرۆکایەتیی ئەرکان، پێشوازی لە جەنەڕاڵ هـام، فەرماندەی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا، سەرۆکی ئەرکان باسی لە بەردەوامیدان بە شەڕی دژی داعش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە؛ پێشمەرگە هەمیشە ساز و ئامادەیە بۆ کۆتاییهێنان بە پاشماوەی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان، لەبارەی پرۆسەی چاکسازیشەوە، سەرۆکی ئەرکان ڕایگەیاند: چاکسازی پرۆسەیەکی نیشتمانییە و لەم پێناوەشدا بەردەوامین لە ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها ستایشی هەوڵەکانی وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد بۆ پاڵپشتیکردنیان لەم پرۆسەیە.

جەنەڕاڵ هام، دڵخۆشیی خۆی نیشان دا و پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دووپات کردەوە، هەروەها ڕایگەیاند: بەردەوام و هاوکار دەبین بۆ بنیاتنانی هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی بۆ کوردستان و چاوەڕوانیمان هەیە کە پرۆسەی چاکسازی بگاتە ئەنجام.