لە میرەی گشتی کۆتایی بە چەند خولێکی جیاواز هات
ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی فەرمان زراری، جێگری بەڕێوەبەری میرەی گشتی و مێجەر فرێد تارانتینۆ، بەڕێوبەری بەرنامەکانی هاوکاریی سەربازی لە کونسولخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر و نوێنەری کۆمپانیای ئەمینتومی ئەمەریکایی و ئەفسەران و تیمی مامۆستایان و ڕاهێنەرانی کۆمپانیای ئەمینتوم، لە میرەی گشتی، ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی چەند خولێکی جیاوازی وەک خولی ئیدامە و لۆجستی، خولی کۆگەکردن و خولی تەقەمەنی بەڕێوە چوون.
لەو خولانەدا، ژمارەیەک پێشمەرگە و ئەفسەری لیواکانی پێنج، شەش و دوازدەی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ماوەی مانگێک بە شێوەیەکی پراکتیکی و زانستی مەشق و ڕاهێنانیان لەسەر چۆنییەتی ئیدامەکردن و شێوازی هەڵگرتن و کۆگەکردنی جۆرە جیاوازەکانی تەقەمەنی و کەلوپەلە یەدەگەکان پێ کرا.
شایانی باسە، ئەم جۆرە خولانە لە چوارچێوەی بەرنامە و پرۆگرامێکی تایبەت لە ڕێگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بە هاوکاریی کۆمپانیای ئەمینتومی ئەمەریکایی پێشکەش بە پێشمەرگە دەکرێت، بۆ ئەوەی پێشمەرگە ئەزموون و شارەزاییی زیاتر لەسەر ئامێر و چەک و تەقەمەنی سەردەم وەربگرێت.