وەزیری كاروبارى پێشمەرگە لەگەڵ کونسولی نوێی ئەڵمانیا کۆبووهوه
ڕۆژى سێشەممە ١٥ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، کونسولی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەت ئامادەى بوو. وەزیری پێشمەرگە بە بۆنەی دەستبەکاربوونی، پیرۆزبایی ئاراستەی کونسولی نوێ کرد و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی لە ئەرکە تازهكهيدا بۆ خواست.
له بەشێکی دیکەی كۆبوونهوهكه، باس له بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا كرا، ههروهها چاکسازییەکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە و گرفتەکانی بەردەم پرۆسەکە، بهشێكى ديكهى گفتوگۆكان بوو.
وەزیری كاروبارى پێشمەرگە ڕایگەیاند: ستایشی گەل و حکومەتی ئەڵمانیا دەکەین، لە بەرانبەر هاوکاری و پاڵپشتيی بەردەوامیان بۆ گەلی کوردستان، بە تایبەت لە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتدا، هيوادارين هاوکارییەکانیان لە چوارچێوەی وڵاتانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی بەردەوام بن.
کونسولی نوێی ئەڵمانیا دڵخۆشيی خۆی به سەردانەکەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دهربڕى و ڕایگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕۆڵی باڵای هەبووە لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە و عێراق و کوردستان.