Skip to the content

وەزیری كاروبارى پێشمەرگە لەگەڵ کونسولی گشتیی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبووه‌وه‌

ڕۆژی چوارشەممە ٢ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤ بیتنەر، کونسولی گشتيی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەت ئامادەى بوون، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە و کونسولی ئەمه‌ریکا باسیان لە دۆخی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان کرد. جموجۆڵ و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش، بە تایبەت لەو ناوچانەی، کە بۆشایيی ئەمنین لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقدا تاووتوێ کرا.
لەبارەی پرۆسەی چاکسازی و گەیاندنی پرۆسەکە بە قۆناغێکی پێشکەوتوو، شۆڕش ئيسماعيل ڕایگەیاند: چاکسازی لە بەرەوپێشچوون و بەردەوامیيه‌، هەموو هەوڵێکمان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و نەهێشتنی گرفتە سەرەکییەکانی بەردەم پرۆسەكه‌يه‌.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، جێبەجێکردنی ناوەرۆکی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمه‌ریکا، بە گرنگیيەوە گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
کونسوڵی گشتیی ئەمریکا، دڵخۆشيی خۆی به‌ سەردانەکەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ده‌ربڕى و کوردستانی بە خاکێکی ئارام و سەقامگیر ناوزەد کرد و ڕایگەیاند: پێشمەرگە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و بەدەستهێنانی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان، هیوای خواست گرنگيی زیاتر بە پرۆسەی چاکسازی بدرێت و هەموو لایەک لە سەرخستنی پرۆسەکە هاوكار بن.