Skip to the content

بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە ڕاوێژکاری باڵای یونامی کرد

ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، عوسمان محەمەد مستەفا، بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی، پێشوازی لە ماری ئۆنیوا، ڕاوێژکاری باڵای پاراستنی ئافرەتان و ژنان، لە نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ (یونامی) لە هەولێر کرد.

لەو دیدارەدا، باس لە هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش لەسەر یاسا نێودەوڵەتییەکان کرا، بە تایبەت ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بە ململانێی چەکدارییەوە هەیە. پاشان باس لە ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی ئافرەتان و ژنانی پێشمەرگە کرا و تیشک خرایە سەر ئاڵنگارییەکان، بۆ باشتر چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا، لە هەمان کاتدا پێشخستنی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی یونامی لە هەرێمی کوردستان خرایە بەر باس.

بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی، ڕۆڵی یونامی و کارەکانیانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند، کە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە چارەسەرکردنی گرفتەکان و لە هەمان کاتیشدا خواستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی نیشان دا بۆ کارکردن و هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ ڕێکخراوەکە، بۆ زیاتر تیشک خستنەسەر ڕێوشوێن و ڕاسپاردەی کۆنکرێتی، بۆ بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی کارەکانی یونامی لە هەرێمی کوردستان.