Skip to the content

خولێکی بەڕێوەبردنی پرۆژەکان لە ئەنستیتیوتی کوردستان بۆ کارگێڕيی گشتی كۆتايى هات

ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌ ۱۹ی ئەیلوولی ۲۰۲٤، بە ئامادەبوونی یورت پۆرسیمۆس، کونسوڵی گشتيی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و بەژدار ئيسماعیل، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و نەبەز سەلاح سدیق، بەڕێوەبەری چاکسازی و کۆڵۆنێڵ واڵتەر ڕاوێژکاری سەربازيی هۆڵەندا لە وەزارەتی پێشمەرگە، ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولێکی بەڕێوەبردنی پرۆژەکان، بۆ ٦٠ ئەفسەر و کارمەندی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە بەڕێوەچوو کە لە فیرقەکانی يه‌ك، دوو، سێ و چواری پیادە و بەڕێوەبەرایەتيیە جیاوازەکانی وەزارەت و هێزەکانی پشتیوانيی يه‌ك و دوو ئامادەی بوون.
لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە لە پەیڤێکدا خۆشحاڵيی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە، بۆ ئەم جۆرە خولانە ده‌بڕى و سوپاسی پاڵپشتيی کونسولخانەی گشتيی هۆڵەندا و ڕاوێژکارانی سەربازيی ئەو وڵاتەی کرد، بۆ دابینکردنی مامۆستای شاره‌زا و لێهاتوو بۆ بەڕێوەبردنی خولەکە.
هەر لەم بۆنەیەدا، کونسولی گشتيی هۆڵەندا جەختی لە گرنگيی ئەو خولە کرد بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپاسی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە و ئەنستیتيوتی کوردستان بۆ کارگێڕیى گشتی و ڕێکخەرانی ئەم خولە کرد، بەڕێوەبەری چاکسازی لە جەختی لە گرنگيی خولەکە کردەوە بۆ پاڵپشتيی تەواوی پرۆسەی ڕیفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە، کە پێویستی بە توانا و شارەزایيی ئەفسەر و کارمەندەکانه‌، بۆ ئەوەی ئامانجی چاوەڕوانکراو بەدەست بهێنرێت.

لە کۆتاییدا، ڕاوێژکاری سەربازيی هۆڵەندا، خۆشحاڵيی خۆی بە کۆتاییهاتنی خولەکە بە سەرکەتوویی دەربڕی و پیرۆزبایيی خۆی ئاراستەی سەرجەم ئەفسەران و کارمەندانی دەرچووی خولەکە کرد و توانا و پاڵپشتيی وڵاتەکەی نیشان دا، بۆ بەردەوامیدان بەم جۆرە خولانە و سوودمەندبوونی زیاتری پێشمەرگە، لە سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بە بەشداریکردن لە هاوشێوەی ئەم خولانەدا.

شایەنی باسە، خولەکە ماوەی چوار ڕۆژی خایاند و لە چوارچێوەی بەرنامەی ڕیفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ بەرەوپێشبردنی توانای هێزەکانی پێشمەرگە بەڕێوە چوو.