فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانيی یەک پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا کرد
ڕۆژی ١٣ـی ئەیلولی ٢٠٢٤، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی، وەک فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، کۆڵۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی، بە یاوەری شاندێکی سەربازیی ئەو وڵاتە، سەردانی بارەگای فەرماندەییی هێزەکانی پشتیوانیی یەکی کرد و لەلایەن سیهاد بارزانی، فەرماندەی فەرماندەی فەرماندەییەکەوە پێشوازی لێ کرا.
لەو دیدارەدا، کۆڵۆنێڵ لارس کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی ڕاگەیاند و کۆڵۆنێڵ (تۆماس ڕیتەر)ـی وەک جێگرەوە ناساند، بەم بۆنەوە سیهاد بارزانی، سوپاسی کۆلۆنێل لارس پێرسیکۆڤسکی کرد بۆ ئەو هەماهەنگییەی لەگەڵ پێشمەرگەدا هەیبووە لەو ماوەیەی کە لە هەرێمی کوردستان کاری دەکرد و هیوای سەرکەوتنی بۆی خواست، هەروەها بەخێرهاتنی کۆلۆنێڵ (تۆماس ڕیتەر)ی کرد، کە وەک فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان دەست بەکار بووە و هیوای خواست کە پێکەوە بتوانن کاری باشتر بکەن، بە ئامانجی خزمەتکردنی زیاتری هەرێمی کوردستان لە ڕووی سەربازییەوە و گرنگی زیاتر بە هاوکاری و پاڵپشتیەکانی هاوپەیمانان بدرێت بۆ پێشمەرگە.