وەزیری كاروبارى پێشمەرگە: پرۆسەی چاکسازی به شێوهيهكى باش هەنگاو دەنێت
ڕۆژى چوارشهممه ١١ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە، پێشوازی لە شاندێکی باڵای سەربازيی شانشینی بەریتانیا کرد، بە سەرۆکایەتيی ئەدمیڕاڵ ئیدوارد ئاڵگرین، راوێژکاری باڵای بەرگريی دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفهریقا.
لەو کۆبوونەوەکەدا، کە ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەت ئامادەى بوون. وەزیری كاروبارى پێشمەرگە بە گرنگیيەوە باسی لە چەند بابەتێکی تایبەت بە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە كرد. هەروەها ڕایگەیاند: پرۆسەی چاکسازی، به شێوهيهكى باش هەنگاو دەنێت، لەپێناو بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی کوردستانی، تاكوو ببێتە پارێزەری ئاشتی و سەقامگیريی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان، بە پاڵپشتی و پشتیوانيی بەردەوامی بەریتانیا و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
وەزیری پێشمەرگە ستایشی هەوڵ و هەنگاوەکانی ڕاوێژکاری پێشووی بەرگری بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفهریقا کرد و ڕایگەیاند:
سوپاس و پێزانین ئاراستەی ماڕشاڵ سامی سێمپسن، دەکەین. کە لە ماوەی ئەرکەکەی، هاوکاريی زۆری پێشکەشی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە کرد، لە گشت بوارەکاندا. دڵنیاین ئەدمیڕاڵ ئیدوارد، بە هەمان ڕۆحیەتی کارکردن هاوکار و پاڵپشت و پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبێت.
ڕاوێژكارى باڵاى بهرگريى بهريتانيا هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بە قارەمان و پارێزەری ئاسایشی ناوچەکە ناوزەند کرد و گوتى: پێشمەرگە ڕۆڵی باڵای هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی تیرۆر لە ناوچەکەدا. دڵخۆشین كه هەوڵ و ئامانجی ئێوە، بۆ بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانییە، لەم پێناوەدا پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین.