وەزیری كاروبارى پێشمەرگە پێشوازی لە شاندێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان کرد
ڕۆژى يهكشهممه ٢٢ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤، شـۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە، پێشوازی لە شاندێكی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. بە سەرۆکایەتيی ولیام بلانچارت، بەڕێوەبەری بەشی پاراستن و ئاسایشی نێودەوڵەتی (UNDSS)، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە ڕاوێژکاران و ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەت ئامادەی بوون. وەزیری پێشمەرگە باسی لە دۆخی ئەمنيی ناوچەکە،عێراق و هەرێـمی کوردستان کرد. هەروەها ڕۆڵی باڵای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانى بەرزنرخاند و ڕایگەیاند: نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی باڵایان هەبووە، بە تایبەت لە بوارەکانی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی، ڕێگریرکردن لە جەنگ، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، چەسپاندنی دیموکراسی و یەکسانی لە نێوان گەلاندا.
شۆڕش ئيسماعيل لەبارەی پشتیوانيی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەلی کورد ڕایگەیاند: لە سەرجەم قۆناغە جیاجیاکاندا، هەمیشە پشتیوانی مافی ڕەوای گەلی کورد بوون، خزمەتی زۆریان لە گشت بوارەکاندا پێشکەش کردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە ڕێز و پێزانینی زۆری بۆ ڕۆڵی باڵای ئێوە هەیە. هیوادارین، پەیوەندییەکانی نێوانمان بەردەوام بن، بە ئامانجی هەماهەنگيی زیاتر و کاری پێکەوەيی.
بەڕێوەبەری بەشی پاراستن و ئاسایشی نێودەوڵەتی، دڵخۆشی خۆی به سەرەدانەکەی بۆ وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە دهربڕى، ستایشی ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگەی کرد لە تێکشکاندنی داعش و پاراستنی سەقامگیريی ناوچەکە. ههروهك ڕایگەیاند: لە کاتێکدا ناوچەکە بەرەو دۆخێکی ئاڵۆز و نائارام دەڕوات، پێشمەرگە توانیويهتى سەقامگیری و ئاراميی ناوچەکە، عێراق و کوردستانیش بپارێزێت.