Skip to the content

بەڕێوەبەرایەتیی هۆشیاری بە هاوکاریی ڕاوێژکاری میدیاییی ئەڵمانیا سیمیناری پڕوپاگەندەیان بەڕێوەبرد

ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، لە هۆڵی سەنتەری میدیای پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتیی هۆشیاریی نیشتمانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان سیمینارێکی تایبەتیان لەسەر (پڕوپاگەندە) بەڕێوەبرد.
سیمینارەکە، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەری هۆشیاریی نیشتمانی دەستی پێ کرد و دە ئەفسەر و کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی تێیدا بەشدار بوون. لەلایەن کاپتن سارا، ڕاوێژکاری سەربازیی ئەڵمانیا بۆ کاروباری میدیا و هۆشیاری، وانەی سیمینارەکە پێشکەش کرا و سەرەتا تیشکی خستەسەر هەواڵی ناڕاست و پڕوپاگەندە و چۆنیەتیی هەڵسەنگاندن و شیکارکردنیان.
لە بەشێکی دیکەی بابەتەکەدا، ناوبراو باسی شێوازەکانی بەرگری و بەرپەرچدانەوەی پڕوپاگەندەی کرد. تەوەرێکی تری سيمینارەکە بریتی بوو لە پرۆڤەیەکی ڕاستەوخۆی بابەتەکە، لەمبارەیەوە فۆرمێکی تایبەت ئامادەکرابوو، کە چەندین پرسیاری لەسەر پڕوپاگەندە لەخۆ گرتبوو و بەشداربووان سەرنج و تێڕامانی خۆیان خستەڕوو.
لە کۆتاییدا، ئەفسەران و کارمەندان چەندین پرسیار و ڕاوبۆچوونیان لەسەر پرسی پڕوپاگەندە خستەڕوو و لە لایەن ڕاوێژکاری میدیاییەوە وەڵام درانەوە و گفتوگۆی بەسوودیان لەسەر کۆی بابەتی سیمینارەکە کرد.