جێگری بەڕێوەبەری چاکسازی لەگەڵ هێزەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا کۆبووەوە
ڕۆژی ۲٥ی ئەیلوولی ۲٠۲٤، جەوهەر ئەحمەد سالح، جێگری بەڕێوەبەری چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە جیا پێشوازی لە هەر یەک لە کۆڵۆنێڵ میشێل سانکۆ، بەرپرسی هێزەکانی فەرەنسا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان و مەیجەر ماتیاس، ڕاوێژکاری سەربازیی ئەڵمانیا لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
لە میانی کۆبوونەوەیەکدا، کە شاخەوان سەلام، بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوە و پەرەپێدانی پرۆژەکانی چاکسازی ئامادەی بوو، دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازیی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە خرایە ڕوو، هەروەها ئامادەکارییەکانی کۆبوونەوە لەگەڵ گرووپی ڕاوێژکارانی سەربازیی فرەنەتەوەییی هاوپەیمانان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، لای خۆیەوە بەرپرسی هێزەکانی فەرەنسا لە هاوپەیماننیی نێودەوڵەتی، تیشکی خستە سەر ژمارەیەک پرۆژە، وەک پرۆژەی پەروەردەی سەربازیی پرۆفێشناڵ، کە لەلایەن تیمی پرۆژەکانی چاکسازی بەڕێوە دەچێت و هێزەکانی بەریتانیا و فەرەنسا ڕاوێژکاریان پێ دەدەن، هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لە پاڵپشتیی وڵاتی فەرەنسا لە هەنگاونان بۆ دابینکردنی خولی زمانی فەرەنسی بۆ ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئاییندەیەکی نزیکدا.
دواتر لە کۆبوونەوەکەی جێگری بەڕێوەبەری چاکسازی، لەگەڵ مەیجەر ماتیاس، ڕاوێژکاری سەربازیی ئەڵمانیا لە وەزارەتی پێشمەرگە، دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆژەکانی چاکسازی ڕوون کرانەوە، تیایدا باس لە بەربەست و ئاستەنگەکانیان کرا، هەروەها کۆرسەکانی زمانی ئەڵمانی بە گرنگ زانران، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەفسەران و کارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە، ئامادەبن بۆ بەدەستهێنانی کۆرسی خوێندنی ئەکادیمیی سەربازی لە وڵاتی ئەڵمانیا.