Skip to the content

سەرۆکی ئەرکانى وه‌زاره‌تى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، به‌ ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكى ئه‌ركان و ئه‌مين سڕى سه‌رۆكايه‌تيى ئه‌ركان، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ راب برەندستێتر، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

برەودان بە زیاترکردنی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی، هاوکات دوايین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و چۆنیيەتی جێگیرکردن و ئەرکدارکردنی لیوای (٢٠)ی هاوبەش، لە ناوچەی بۆشایيی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، پرۆسەی چاکسازی و بەردەوامیدان بە شەڕی دژی داعش و بەردەواميی کاری هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان خرانه‌ بەر باس.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەكه‌دا، هەردوولا بە گرنگیيەوە تیشکیان خستە سەر پەیوەندییەکانی هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی، بۆ بە ئەنجامگەیاندنی بەرنامە و پلانی هاوبەش، بۆ لەناوبردنی هزری توندڕەويی داعش و گرووپە تیرۆريستیيەکان لە ناوچەکەدا.

فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان خۆشحاڵيی خۆی بە هەوڵ و هەنگاوەکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، لە پرۆسەی چاکسازيی هێزەکان نيشان دا و ئاماژەی بەوە دا هەوڵەکانی هاوپەیمانان بە ئاراستەی بەرەوپێشبردن و کارکردنی زیاتر، بۆ پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە بەردەوام دەبن.