سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە پێشوازى له فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان كرد
ڕۆژى دووشهممه ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی وەزارەتی کردبوو.
لەو دیدارەدا كه محهمهد سهعید، بەڕێوهبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت و تیمی ڕاوێژکارانی سەربازيی سوپای ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، فهرماندهى هێزهكانى ئهڵمانيا کۆتاییهاتنى ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکی ئەرکان ڕاگەیاند و کۆڵۆنێڵ تۆماس ڕیتەری، وەک جێگرەوە و فەرماندەی نوێی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ناساند.
سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، سوپاس و پێزانینی وەزارەتی بە کۆڵۆنێڵ لارس گەیاند و ستایشی ئەرک و ماندووبوونی ماوەی ڕابردووی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. لە هەمان کاتیشدا بەخێرهاتنی فەرماندەی نوێی هێزەکانی ئەڵمانیای کرد و ئومێدی سەرکەوتنی بۆ خواست و ئامادەیيی وەزارەتیشی، بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگیيەک لەپێناو سەرخستنی کارەکانیان نيشان دا.