وەزیری كاروبارى پێشمەرگە سەنتەری چاودێريی سەربازی لە میحوەری گوێڕ - مەخموور کردەوە
ڕۆژى چوارشهممه ١٨ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە، بە یاوەری عهبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەت، بارەگای میحوەری شهشـی هێزەکانی پێشمەرگەیان لە ناوچەی گوێڕ - مەخموور بهسهر كردهوه و لەلایەن سیروان بارزانی،بەرپرسی میحوەر و ئەندام و ئەفسەران و پلەدارانی میحوەرەکەوە پێشوازیيان لێ کرا.
لەو سەردانەدا وهزيرى كاروبارى پێشمهرگه سەنتەری چاودێريی پێشکەوتووی سەربازی کردەوە کە بە هەوڵ و کۆششی ڕاستەوخۆی بەرپرسی میحوەری شهش دامەزرێنراوە.
شۆڕش ئيسماعيل لە گوتەیەکدا دەستخۆشی لە بەرپرسی میحوەر کرد و هیوای خواست بەو کارانە تواناکانی هێزەکانی پێشمەرگە پێشوەچوونی باش بەخۆیانهوه ببینن. پاشان باس لە دۆخی ئەمنيی سنووری میحوەر و جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش کرا لەو ناوچەیەدا. وەزیری پێشمەرگە جەختی کردەوە کە پێشمەرگە هەمیشە ساز و ئامادەیە بەوپەڕی توانا و هێزیەوە ڕووبەڕووی داعش و تیرۆر ببێتەوە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیريی عێراق و هەرێمی کوردستان. هەروەها ڕایگەیاند: پاڵپشتی و پشتیوانيی وەزارەتی پێشمەرگە دووپات دەکەینەوە بۆ بەرپرسی میحوەر و سەرجەم ئەفسەران، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامییان لە ئەرکهكانيان بۆ دەخوازین.
بەرپرسی میحوەر، خۆشحاڵيی خۆی و ئەفسەرانی به سەردانەکەی وەزیری كاروبارى پێشمەرگە و شاندی یاوەری دهربڕى و پاڵپشتی و پشتیوانيی وەزیری پێشمەرگەی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند: بەردەوامین لە پاراستنی ئارامی کوردستان، بە تایبەت لە سنووری میحوەرەکەمان، هەمیشە دڵسۆزانە و لەخۆبوردووانە پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگری و پارێزگاريی خاکی کوردستاندایە.