Skip to the content

بەڕێوەبەرایەتیی هۆشیاریی نیشتمانی سیمیناری "ڕاگەیاندن و ئاسایشی نەتەوەیی" سازکرد

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٥، لە چوارچێوەی پلانی مەشقی ساڵانە، بەڕێوەبەرایەتیی هۆشیاریی نیشتمانی، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە، سیمینارێکی لەژێر ناونیشانی (ڕاگەیاندن و ئاسایشی نەتەوەیی)، بۆ ئەفسەرانی بەشداربوو لە خولی ڕشتەی ئایتی بەڕێوەبرد.
لە سیمینارەکەدا، محەمەد سدیق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی هۆشیاریی نیشتمانی، پێناسەی هەردوو چەمکی ڕاگەیاندن و ئاسایشی نەتەوەیی کرد، هاوکات تیشکی خستە سەر کاریگەرییەکانی ڕاگەیاندن و ئاسایشی نەتەوەیی لە بنیادنانی ڕەوشێکی سەقامگیر و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵگا.
هەر لە سیمینارەکەدا، ڕاگەیاندن و ئاسایشی نەتەوەیی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا بە کارێکی پێویست و گرنگ زانرا، بە تایبەتی دۆخ و ئاراستەی ئەم دوو بوارە، وەک ئەرکێکی نیشتمانیی باڵا و هەستیار پێناسە کرا، بۆیە پێویستە ڕاگەیاندن و ئاسایشی نەتەوەیی، وەک ئەرکێکی سەربازی و دامەزراوەییانەی پێشمەرگە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.